١٢ مەرجی سەدر بۆ کۆتایی هێنان بە ئامادەبوونی هێزە بیانییەکان لە عێراق
دوای ئەوەی موستەفا کازمی بە فەرمی کشانەوەی تەواوی هێزە شەڕکەرە بیانییەکانی لە عێراق ڕایگەیاند، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە بەیاننامەیەکدا ١٢ مەرجی بۆ بە فەرمی ناساندنی کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق دیاری کرد.
موقتەدا سەدر ئەمڕۆ پێنج شەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و جەختی کردەوە کە کۆتایی هاتنی ئەرکی هێزە بیانییەکان لە عێراق کاتێک بە فەرمی دەناسرێتەوە کە هەندێک مەرج جێبەجێ بکرێت.
١٢ مەرجەکەی سەدر وەک خوارەوەیە:
١- داوایەکی یاسایی و فەرمی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش بنێردرێت بۆ وەرگرتنی رەزامەندی ئەم ئەنجومەنە.
٢- دیاریکردنی بارەگاکان و چۆڵکردنی بنکە سەربازییەکان و رادەستکردنەوەیان تەنها بە سوپای عێراق.
٣- دیاریکردنی ئەرکەکانیان بە نووسراو کە پێویستە پێوەی پابەندببن و پیشێل نەکرێت.
٤- دیاریکردنی ژمارەی ئەو هێزانەی لەعێراق دەمێننەوە و بەپێی پێویستیی بێت بۆ هەر پسپۆڕییەک.
٥- جووڵانەوەی ئەو هێزانەی ماون لەناوەوە بۆ دەرەوە بەپێی یاسا دیپلۆماسییە کارپێکراوەکانی عێراق دەبێت.
٦- حکومەتی عێراق بەتەنها سەرپەرشتیی پشتیوانیی لۆجستی و ئەمنی دەکات و هیچ لایەنێکی دەرەکی بۆی نییە دەستوەردان بکات.
٧- رێزگرتنی ئاسمانی عێراق و رێگەنەدان بە بەکارهێنانی ئاسمانەکەی بەبێ رەزامەندیی حکومەتی عێراق، ئەگەر ئەوە بکرێت بە پێشێلکاری دادەنرێت.
٨- عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی تەواوە و هەر رێککەوتنێک لەوە دەربچێت پووچەڵە.
٩- ئەم هەنگاوە سەرەتایەکە بۆ کۆتاییهێنان بەهەموو بوونێکی بیانی لەئایندەدا لەنێویاندا راوێژکارەکان و ئەوانی دیکەش.
١٠- رێگە بەهیچ بوونێکی ئەمنی لەنێو باڵیۆزخانەی ئەمریکا نادرێت و هێزە فەرمییەکانی عێراق ئەو کارە لەئەستۆ دەگرن.
١١- نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی هاوشێوەی نێوان هەردوو وڵات پێویستە هاوسەنگ بێت و بەپێی رێسا دیپلۆماسییە کارپێکراوەکان بێت لەڕووی نێودەوڵەتییەوە.
١٢- پێویستە سەرۆکی وەزیرانی عێراق ئەوە جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی کۆتاییهێنانی کردەیی بێت بەداگیرکاریی.
ئەم بەیاننامەیە لەکاتێکدا بڵاودەکرێتەوە کە موستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق شەوی رابردوو رایگەیاند: ئەرکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆتایی هات و پرۆسەی کشانەوەی تەواوی هێزەکان و کەرەستەکانی جەنگی هاوپەیمانان بۆ دەرەوەی عێراق ئەنجام دراوە.
هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح هەروەها ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا جەختیکردەوە کە ئێمە مانەوەی هیچ هێزێکی شەڕکەری بیانی بە هیچ ناو و پاساوێکی قبوڵ ناکەین.
لێدوانەکان