پێشهاتەکانی ئۆکرانیا، ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢

پێنج شه‌ممه‌ 1 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 11:52
https://kurdish.iswnews.com/?p=20083

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دوابەدوای گەڕی نوێی هێرشەکانی سوپای ڕووسیا لە میحوەرە جیاجیاکانی پارێزگای دۆنێتسک، ناوچەکانی کۆردیۆمیوکا، زێلنۆپیلیا و ئۆزارانیوکا لە باشووری شارۆچکەی باخموت و ناوچەی سپیرنێ لە باشووری ڕۆژئاوای شاری لیسیچانسک لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵ کران.

١- زاپرۆژیا:
لە ١٨ی تشرینی دووەم، سوپای ڕووسیا بە چەند مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی شاهێد ١٣٦ هێرشی کردە سەر وەرشەی بەرهەمهێنان و چاککردنەوەی فڕۆکە لە کارگەی بزوێنەری سیچ و کۆگای تەقەمەنی هێزەکانی ئۆکرانیا لە ناوچەی شوچێنکیڤسکی لە ڕۆژهەڵاتی شاری زاپرۆژیا. هەروەها سەرچاوە خۆجێییەکان باسیان لە حەوت تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە هەندێک ناوچەی زاپرۆژیا کردووە.


– لە ٢٩ی تشرینی دووەم، سوپای ڕووسیا بە هێرشی تۆپخانەیی پێگەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا لە بەرەی باشووری شاری زاپۆریژیا و دەوروبەری کردە ئامانج.
– لە ٢٩ی تشرینی دووەم، سوپای ئۆکرانیا بە بەکارهێنانی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ هێرشی کردە سەر وێستگەی کارەبای گوندی چاپایوکا. ئەم هێرشە بووە هۆی لەناوبردنی ٢ محاویلە لەم وێستگەیەدا.

٢-خێرسۆن:
ئێوارەی ١٩ی تشرینی دووەم، سوپای ڕووسیا هێرشی کردە سەر پێگەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا لە دەوروبەری کارگەی کەشتیوانی لە دوورگەی کارنتینی لە باشووری شاری خێرسۆن. دوای ئەم هێرشە ئاگرێکی گەورە لە شوێنەکەدا کەوتەوە، دوکەڵەکەی ئاماژە بەوە دەکات کە کۆگایەکی تەقەمەنی یان بارێکی چەکی سەربازی کراوەتە ئامانج.


– لە کاتی پاشەکشەی ڕووسیا و هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا بۆ ناو شاری خێرسۆن و ناوچەکانی ڕۆژئاوای ڕووباری دنیپرۆ، لە چەندین وێنەدا بوونی نازییەکان لەم میحوەرەدا دەبینرێن. ئەم کەسانە جگە لە هەڵگرتنی ئاڵا و هێماکانی یەکە جۆراوجۆرەکانی SS لە ئەڵمانیای نازی، تاوانی جەنگی جۆراوجۆریان ئەنجامداوە، لەوانە کۆمەڵکوژی دیلەکانی ڕووسیا. ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی خوارەوە تایبەتە لە بەدیل گرتنی ١١ سەربازی ڕووسیا لەلایەن هێزەکانی سوپای ئۆکرانیاوە و کۆمەڵکوژ کردنیان.


– وێنەکانی مانگی دەستکردی کۆمپانیای مکسار لە ٢٨ی تشرینی دووەمدا ئاماژە بە هەوڵە ئەندازیارییەکانی سوپای ڕووسیا بۆ دروستکردنی سەنگرەکانی بەرگری لە بەشی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای خێرسۆن دەدات. ڕووسیا بە دانانی بەربەست و سەنگەری بەرگری بەدرێژایی ڕێگا و چوارڕێیانە گرنگەکان، بەنیازە لە چەند مانگی داهاتوودا ڕێگری لە پێشڕەوی ئۆکراینییەکان لە ئەگەری هەر ئۆپەراسیۆنێدا بکات.
شرۆڤەکارانی ئەوروپی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بە پاڵپشتی ناتۆ و ئەمریکا ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە بەرەی باشووری ئۆکرانیا بەتایبەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دنیپرۆ دەکات.

٣- دۆنێتسک:
دوای ماوەیەکی زۆر سوپای ڕووسیا دەست لە بەرگری لە بەرەی ڕۆژئاوای شاری لیسیچانسک کێشا و بە ئەنجامدانی هێرشێکی قورس توانی ناوچەی سپیرین کۆنتڕۆڵ بکات.


– لە ٣٠ی تشرینی دووەم، سوپای ئۆکرانیا بە پاڵپشتی تۆپخانە و هەلیکۆپتەرەکانی هێرشبەر هێرشی کردە سەر پێگەکانی هێزەکانی ڕووسیا لە میحوەری ڕۆژهەڵاتی باخموت. هەروەها ئۆکراینییەکان بە چەند مووشەکێکی تۆچکا یو پێگەکانی ڕووسیایان لە پۆپاسنایا کردە ئامانج.
– سوپای ڕووسیا لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا میحوەری سۆڵدار و باخموتی چالاک کردووە. لە ئێستادا ململانێکان لە شارۆچکەی سۆڵدار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی باخموت و گوندی ئەپیتنێ و ناوچەکانی باشووری باخموت بەردەوامە و بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە ڕووسیەکان هێزەکانی سوپای ڕووسیا سەرکەوتوو بوون لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی کۆردیۆمیوکا، زێلنۆپیلیا و ئۆزارانیوکا بە ئاراستەی باشووری شارۆچکەی باخموت.
بەپێچەوانەی ئەوەی باس کراوە سەبارەت بە چڕبوونەوەی هێرشی ڕووسیا بۆ گرتنی باخموت، پێدەچێت سوپای ڕووسیا، بە زیادکردنی هێرشەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ئەم میحوەرە، لە ناوچەی پاراسکۆڤیوکا (لە باکوری باخموت) و شارۆچکەی چاسۆڤ یارەوە (لە ڕۆژئاوای باخموت)، هەوڵ بدات هێڵی بەرگری سوپای ئۆکرانیا لەم میحوەرەدا بشکێنێت. ئەگەر ئۆکراینییەکان پاشەکشە بکەن یان ڕووسەکان پێشڕەوی بکەن لە شوێنە ئاماژە پێکراوەکان، باخموت گەمارۆ دەدرێت.

٤- لوهانسک:
لە ٢٥ی تشرینی دووەم، بەپێی ڕاپۆرتە میدیاکانی ڕووسیا، سوپای ئەو وڵاتە توانی گوندی ناڤاسلیوسکە لە بەرەی ئۆسڤاتۆڤ کۆنتڕۆڵ بکاتەوە. ململانێکان لەم میحوەرەدا بەردەوامە.


– هێرشەکانی سوپای ڕوسیا لە ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی تشرینی دووەم، بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەی بێلۆگۆریوکا لە ڕۆژئاوای شاری لیسیچانسک، بەهۆی بەرگری هێزەکانی ئۆکرانیا سەرکەوتوو نەبوو.

٥- ڕاپۆرتی دژە ڕۆژئاوایی ڕۆژنامەنووسێکی ئینگلیزی سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا!
لەم گرتە ڤیدیۆییەدا، ڕۆژنامەنووسی ئینگلیزی جۆنی میلەر لەگەڵ هێزەکانی DPR لە دۆنباس بۆ بەرەکانی پێشەوەی ململانێکان لەگەڵ سوپای ئۆکرانیا لە ناوچەی نزیک شاری دۆنێتسک چووە و گێڕانەوەی جیاواز لە شەڕی ئۆکرانیا دەخاتە ڕوو. جۆنی میلەر بە ڕەخنەگرتن لە ناردنی کوێرانەی چەک و پارە بۆ ئۆکرانیا، باس لەوە دەکات کە ڕووسەکان جیاواز نین لە گەلانی دیکەی ئەوروپا و پێویستە شەڕ ڕابگیرێت. میلەر بە ئاماژەدان بە چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ سەربازانی ڕووسیا، باس لەوە دەکات کە سەرنجڕاکێشترین بەش لە گفتوگۆکانی لەگەڵ سەربازانی ڕووسیا (هێزەکانی DPR) ئەو کاتە بوو کە زۆربەیان ئەم شەڕە وەک قۆناغی دەستپێکی جەنگی جیهانی سێیەم، شەڕی ناتۆ لە دژی ڕووسیا-ئێران- چین زانیوە. ناوبراو ئاماژە بە ئەزمونی خراپی دوو جەنگی جیهانیی پێشوو دەکات و بە تێڕوانینێکی بێلایەنانە داوا لە هاووڵاتیانی ئەورووپا دەکات بڕیاری ئاگادارانەتر بدەن و لە پرسەکانی شەڕ و ئاشتیدا ڕۆڵیان هەبێت.

٦- ئورزولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لە وتارەکەیدا لە ٣٠ی تشرینی دووەمدا ڕایگەیاند، زیانی گیانی ئۆکرانیا لە شەڕی لەگەڵ ڕوسیادا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس بووە و زیانە ماددیەکانی ئەم وڵاتەش یەکسانە بە ٦٠٠ ملیار یۆرۆ.

٧- لە ڕۆژانی ٢٩ و ٣٠ی تشرینی دووەم، سوپای ئۆکرانیا بە هێرشێکی تۆپخانەیی هێرشی کردە سەر کۆگاکانی سووتەمەنی ڕوسیا لە ناوچەی سودژانسکی لە پارێزگاکانی کورسک و برایانسک.

٨- دوابەدوای تەقینەوەیەک لە نزیک باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، یەکێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا بریندار بوو. بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئیسپانیا، زەرفێک کە تەقەمەنی تێدابووە، ڕەوانەی ئەم باڵیۆزخانەیە کراوە و ئەو کارمەندە ئۆکراینییە زەرفەکەی کردووەتەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *