پێشهاتەکانی ئاسیای ناوەڕاست، ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢

چوار شه‌ممه‌ 30 تشرینی دووه‌م 2022 - 13:34
https://kurdish.iswnews.com/?p=20053

لەئەنجامی پێکدادانی نێوان چەکدارانی تاڵیبان و دانیشتوانی گوندی سیوک لە پارێزگای دایکۆندی، ١٠ کەس کە سێ منداڵ و ئەندامێکی تاڵیبانیان تێدایە کوژران و ٩ کەسی دیکەش برینداربوون و دەستگیرکران.

ئەفغانستان:
١- پەنجشیر:
لە ٢٥ی تشرینی دووەم، لە ئەنجامی ململانێ ناوخۆییەکانی نێوان چەکدارانی تاڵیبانی خەڵکی قەندەهار لە گوندی سەنگی خان لە شاری شەتل، ٨ چەکداری تاڵیبان کوژران و بریندار بوون.
٢- تەخار:
– لە ٢٢ی تشرینی دووەم، بەهۆی هێرشی هێزەکانی ئەحمەد مەسعود بۆ سەر بنکەی چەکدارانی تاڵیبان لە گوندی چەمەن خوسدە لە شاری فرخار، یەکێک لە چەکدارەکانی تاڵیبان کوژرا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
– لە ٢٢ی تشرینی دووەم، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک لە بەردەم دادگای چەکدارانی تاڵیبان لە شاری دەشت قەلعە، سێ چەکداری تاڵیبان کوژران و بریندار بوون.
– لە ٢٣ی تشرینی دووەم، دوابەدوای بۆسەی هێزەکانی ئەحمەد مەسعوود بۆ سەر چەکدارانی تاڵیبان لە چوارڕێیانی حاج زەریف لە ناحیەی یەکەمی شاری تاڵەقان، سێ چەکداری تاڵیبان کوژران لەنێویاندا قاری مەحفوزوڵڵا، بەڕێوەبەری بەشی تاوانەکانی شاری تاڵەقان.
٣- دایکۆندی:
– لە ٢٥ی تشرینی دووەم، لە هێرشێکی چەکدارانی تاڵیبان بۆ سەر ماڵی دوو دانیشتووی گوندی سیوک لە ڕۆژهەڵاتی شاری نیلی، ٩ هاوڵاتی سڤیل کوژراون کە سێ منداڵیان تێدابووە و سێ هاوڵاتی سڤیل برینداربوون و ٦ کەسی دیکەش دەستگیرکراون. هەروەها چەکدارێکی تاڵیبان کوژرا و دوو چەکداری دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی لێدوانەکانی زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی تاڵیبان، ئەو کەسانە ئاژاوەگێڕ و چەکدارن و دەسەڵاتی خۆجێیی تاڵیبانیش دووجار هۆشدارییان داوە لەوەی چەکەکانیان لە ڕێگەی پیاوماقوڵە خۆجێیەکان ڕادەست بکەن، بەڵام ڕەتیانکردووەتەوە و لە کۆتاییدا لەگەڵ تاڵیبان تێکهەڵچوون. سەرچاوە ناوخۆییەکان بە ڕەتکردنەوەی ئەو ئیدیعایە دەڵێن کە ئەو کەسانە بەهۆی ناکۆکی لەسەر خاوەندارێتی پارچە زەوییەک چەکیان هەڵگرتووە. هەروەها دەوترێت کە تاڵیبان ئەم کارەی بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی گروپێکی دژبەری تاڵیبان لە شاری نیلی ئەنجامداوە و لەم کوشتارە دڕندانەیەدا تاڵەبانی بە ڕەچەڵەک پشتون، هەروەها ژەنەڕاڵ محەمەد عەلی سەداقەت، یەکێک لە فەرماندە خۆجێیەکانی دایکۆندی و ئەندامی پێشووی پارتی یەکێتی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی کەریم خەلیلی بەشداریان هەبووە. ژەنەڕاڵ سەداقەت ئەم قسانەی ڕەتکردۆتەوە.


– لە ٢٦ی تشرینی دووەم، سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشی چەکدارانی تاڵیبانی بۆ سەر گوندی سیۆک و کوشتنی منداڵان لەم هێرشە دڕندانەیەدا شەرمەزار کرد.
٤- کابوڵ:
– لە ٢١ی تشرینی دووەم، بەشی هەواڵگری گشتیی تاڵیبان، چالاکییەکانی حزبەکانی “التحریر” و “جەماعیت ئیسلاح” و ڕێکخراوی “نەجم”ی بەهۆی هاوسۆزییان لەگەڵ داعش قەدەغە کرد.
– لە ٢٥ی تشرینی دووەم، چەکدارەکانی بەشی هەواڵگری تاڵیبان یەکێک لە پاسەوانەکانی عەبدوڵا عەبدوڵا سەرۆکی ئەنجومەنی ئاشتەوایی نیشتمانی لە حکومەتی پێشووی ئەفغانستانیان بە تۆمەتی هاوکاریکردنی هێزەکانی ئەحمەد مەسعوود دەستگیرکرد.
– لە ٢٧ی تشرینی دووەم، چەکدارانی بەشی هەواڵگری تاڵیبان چوار کەسیان بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی لە کابول دەستگیرکرد.
٥- نەنگەرهار:
لە ٢٢ی تشرینی دووەمدا، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو (پێدەچێت هەواڵگری تاڵیبان بن) زانایەکی ئایینی سەلەفییان بە ناوی گۆڵبێدین لە گوندی کوشتل لە شارۆچکەی سپین تیرۆر کرد. گۆڵبێدین لە سەردەمی حکومەتی پێشوودا بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ داعش زیندانی کرابوو و دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە لە زیندان ئازادکرا.
٦- قەندەهار:
لە ٢٢ی تشرینی دووەم، هێزەکانی بەرەی ڕزگاریخوازی ئەفغانستان ئیدیعای تیرۆرکردنی دوو فەرماندەی مەیدانی تاڵیبانیان بە ناوەکانی مەولوی حافز و قاری خەلیل لە شارۆچکەی عەینو مینە لە شاری قەندەهار کرد.
٧- کۆنەر:
– لە ٢٢ی تشرینی دووەم، لە ئەنجامی ململانێی ناوخۆیی چەکدارانی تاڵیبان لە شاری ئەسەدەباد، مەولوی عزەتوڵڵا هیدایەت، سەرۆکی بەشی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی تاڵیبان لە پارێزگای کۆنەر کوژرا.
– لە ٢٦ی تشرینی دووەم، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێک لە گوندی تارێ لە شاری مانۆگی، چوار هاوڵاتی مەدەنی کوژران کە سێ کەسیان منداڵ بوون.
٨- هەرات:
لە ٢٤ی تشرینی دووەم، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانی نەناسراو (پێدەچێت داعش) بۆ سەر بنکەی تاڵیبان لە ناوچەی چوارباغ فیروزە لە شاری ئینجیل، حەوت چەکداری تاڵیبان کوژران و بریندار بوون.

٩- ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ: پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر کە لە هەموو نەتەوەکانی ئەفغانستان پێکهاتبێت لە پێشینەی کارە بۆ ڕووسیا و وڵاتانی ناوچەکە. مەترسی دزەکردنی ڕێکخراوە تیرۆریستییە چەکدارەکان لە ئەفغانستان بۆ ناو خاکی وڵاتانی ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ هێشتا زۆرە.

تاجیکستان:
١- لە ٢٣ی تشرینی دووەم، سێرگی ناریشکین بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری دەرەوەی فیدراسیۆنی ڕووسیا لەگەڵ سەرۆکی تاجیکستان، ئیمام عەلی ڕەحمان کۆبووەوە. لەم دیدارەدا هەردوولا باسیان لە هاوکارییە ئەمنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی تیرۆر و توندڕەوی و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوییەکان و هەڕەشەکانی ئەلیکترۆنی و ئاسایشی نیشتمانی کرد.
٢- لە ٢٦ی تشرینی دووەم، وێنەیەکی ڕێککەوتنی هاوکاریی نێوان حکومەتی تاجیکستان و بەرەی نیشتمانیی ئەفغانستان (هێزەکانی ئەحمەد مەسعود) بڵاوکرایەوە. هیچ کام لە لایەنەکان بە فەرمی مەرجەکانی ئەم ڕێککەوتنەیان پشتڕاست نەکردۆتەوە و ئەم هەواڵە بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڕاست نەبێت.

٣- لە ٢٦ی تشرینی دووەم، فڕۆکەیەکی گواستنەوەی “C17″ی سوپای ئەمریکا کە هاوکاری مرۆیی هەڵگرتبوو گەیشتە دوشەنبێ. ئەم یارمەتییانە بەسەر دانیشتووانی ناوچەی سغد و ناوچەی ئەسفرەدا دابەش دەکرێن کە لە تێکهەڵچوونەکانی ئەم دواییەی سنووری قیرقیزستان و تاجیکستان زیانیان بەرکەوتووە.

پاکستان:
١- خیبەر پختونخوا: .
– لە ٢٢ی تشرینی دووەم، سەرچاوە میدیاییەکانی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان (TTP) فیلمێکی دیکۆمێنتاریی ١٣ خولەکییان لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەی ئەو گروپە لەدژی سوپای پاکستان بڵاوکردەوە. لەم ڤیدیۆیەدا بەشێک لە ئۆپەراسیۆنە جۆراوجۆرەکان نمایش کراوە.

لە ٢٢ی تشرینی دووەم، لە ئەنجامی هێرشی چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان بۆ سەر کاروانێکی سوپای پاکستان لە گوندی مەلاخیل لە ناوچەی وەزیرستانی باکوور، ئۆتۆمبێلێکی سەربازی تێکشکێندرا و ١٠ سەربازی سوپای پاکستان کوژران و برینداربوون.
– لە ٢٤ی تشرینی دووەم، لە ئەنجامی دوو هێرشی جیاجیا لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان بۆ سەر سەربازانی پاکستان لە گوندەکانی دۆسلی تەحسیل و کاکاخیل لە وەزیرستانی باکوور، دوو سەربازی پاکستان کوژران.
– لە ٢٤ی تشرینی دووەم، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێک لە مزگەوتی گوندی پەنج گینه لە ناوچەی ئەنگور ئادە لە وەزیرستانی باشوور، منداڵێک گیانی لەدەستدا و هاوڵاتیێکی سڤیلیش بریندار بوو.
– لە ٢٦ی تشرینی دووەم، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لەسەر ڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری سەربازانی پاکستانی لە ناوچەی میر عەلی سەر بە وەزیرستانی باکوور، سەربازێکی پاکستانی کوژرا و سەربازێکی دیکەش بریندار بوو.
– لە ٢٦ی تشرینی دووەم، لە ئەنجامی هێرشی چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان بۆ سەر بنکەیەکی سوپای پاکستان لە گوندی زینزرگا لە وەزیرستانی باکوور، دوو سەربازی پاکستان کوژران و سەربازێکی دیکەش بریندار بوو.
٢- لە ٢٣ی تشرینی دووەم، وەزارەتی دارایی پاکستان لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی بڵاوکردنەوەی نایاسایی و بێ مۆڵەتی زانیاری باجی بنەماڵەی جەنەڕاڵ جاوید قەمەر باجوا، فەرماندەی سوپای ئەم وڵاتەی دەستپێکرد. زانیاری لەسەر گەندەڵی و خۆدزینەوە لە باج لە بنەماڵەی ژەنەڕاڵ باجوا لەم دواییانەدا لەلایەن ئەحمەد نورانی ڕۆژنامەنووسێکی دانیشتووی ئەمریکا بڵاوکرایەوە.
٣- لە ٢٦ی تشرینی دووەم، شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان لەسەر بانگهێشتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەم وڵاتە. پەرەپێدانی هاوکاریی دووقۆڵی لە کەرتە جیاجیاکان، تاوتوێکردنی پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و دیدار لەگەڵ کۆمەڵەی بازرگانی تورکیا لە پلانەکانی شەهباز شەریف لە سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە راگەیێندراوە. هەروەها سەرۆک وەزیرانی پاکستان بەشداری لە مەراسیمی پەردەلادان لەسەر چوارەمین کەشتی جەنگی پاکستانی لە جۆری کرواتی بە ناوی “MILGE” دەکات کە بە بەشداری تورکیا لە کەشتیخانەی ئەستەنبوڵ دروستکراوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *