باقری: چاودێری بنکەکانی ئەمریکا لە کوردستانی عێراق دەکەین

یه‌ك شه‌ممه‌ 16 تشرینی یه‌كه‌م 2022 - 19:25
https://kurdish.iswnews.com/?p=18513

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سەرۆک ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایگەیاند: ئۆپەراسیۆنی دژ بە گروپە تیرۆریستییەکانی جوداخواز لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

محەمەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند: سەبارەت بە دۆخی گرووپە تیرۆریستییەکان لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران، پێویستە بگوترێ کە ئەمە بابەتێکی کۆنە. لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامییەوە ئەم گرووپانە بە هاوکاری ئەمریکا و دوژمنانی دیکە لە ناوچەی باکووری عێراق جێگیر کراون، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە پشتیوانی ئەمریکا بارەگاکانیان بوونەتە شوێنی کردەوەکانی دژبە ئاسایشی نەتەوەیی ئێمە.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ئێستا ١٢٠٠ بارەگای سەربازی دژی ئێمە لە باكووری عێراق كار دەكەن. چەندین جار هەبووە کە ئیسرائیل لە نێو ئەواندا خەڵکی هەڵبژاردووە و دواتر ڕاهێنانی پێکردن، بۆ ئێران ناردووە و تیرۆر و کاری تێکدەرانەیان ئەنجامداوە و وەک تیرۆریستی بەکرێگیراو بەکاریان هێناوە. بە جۆرێک ئەمانە بوونەتە بارەگاکانی زایۆنیستەکان و نموونەیەک لەو بارەگایانە لە هەولێر لەلایەن هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانەوە هێرشی کرایە سەر.

باقری لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لەم ساڵانەدا ئێمە بەردەوام هەرێمی کوردستانی عێراقمان ئاگادار کردۆتەوە و وتوومانە داب و نەریتێکی دراوسێیانە نییە کە ئێمە ئەوەندە خزمەت بە میللەتی عێراق بکەین و دواتر ئێوە رێگە بە دامەزراندنی ئەم بارەگایانە سەربازی و میدیایی دەدەن. چەندین جار بەڵێنیان داوە کە کردەوەی گروپە تیرۆریستییەکان ڕابگرن، بەڵام کاریان نەکردووە. بۆیە بڕیاردرا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و ئەمەش لەسەر بنەمای میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرگریکردنە لە خۆ.

سەرۆک ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە ئاماژەدان بە ئۆپەراسیۆنی ئەم دواییەی هێزە زەمینییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بارەگای گروپە تیرۆریستییەکان لە باکووری عێراق جەختی کردەوە: ئێمە ئەم ئۆپەراسیۆنەمان بە پێی هەموو بنەما مرۆییەکان ئەنجامدا و وریاین زیان بە کەسی سڤیل نەگات. چەند حاڵەتێک هەبووە کە گروپە تیرۆریستییەکان لە نهۆمی شوقەیەکدا شوێنی دروستکردنی بۆمبیان هەبووە، بەڵام ئێمە ئەم بینایەمان نەکردووەتە ئامانج بۆ ئەوەی زیان بە خەڵک نەگات.

ناوبراو ڕوونیشی كردەوە: ئێمە بە دەسەڵاتدارانی هەرێممان ڕاگەیاند كە دوو ڕێگە هەیە، ئەو گرووپانە یان پێویستە ببنە گروپێكی مەدەنی و چەكەکانیان دابنێن، یان پێویستە هەرێمی كوردستان گرووپە تیرۆریستیەکان لەم ناوچەیە دەربكات. ئەوەی کە ٣٠٠٠ هێزی چەکدار لە پشت سنوورەکانمان ناوەندێکی دروستکردنی بۆمب و سەربازییان هەبێت، بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵکردن نییە بۆ ئێمە و ڕووبەڕوویان دەبینەوە. بۆیە ئەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوام دەبێت، هەرچەند کات بخایەنێت، ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ئەم ئۆپەراسیۆنە و گەورەتر لەم ئۆپەراسیۆنە.

سەرۆک ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە ئاماژە بە ئیدیعای دەسەڵاتدارانی ئەمریکا لە خستنە خوارەوەی فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێران لە ئاسمانی هەولێر، وتی: ئێمە دەزانین بنکەی هەریر لە کوێیە لە هەولێر و هەروەها دەزانین بنکەی ئەمریکا لە دهۆک لە کوێیە و چەند سەرباز لەوێ ئامادەن و چ ئیجرائاتێکی تێدا دەکرێت. لەمڕۆ بەدواوە ئەگەر هەر ئیجرائاتێک بەرامبەر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانمان بگرنەبەر، بەدڵنیاییەوە بەرپەرچی دەدەینەوە، مافی وەڵامدانەوەی ئەم کارەی ئەم دواییەیش بۆ خۆمان دەهێڵینەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *