سوپای ئۆکرانیا: درۆنەکانی شاهێد بە ئاسانی دەبینرێنەوە، بەڵام ناتوانین بیانخەینە خوارەوە!

شه‌ممه‌ 1 تشرینی یه‌كه‌م 22 - 18:14
https://kurdish.iswnews.com/?p=17986

سوپای ئۆکرانیا بە بڵاوکردنەوەی وێنەی داروپەردووی درۆنێکی خۆکوژی لە جۆری شاهێد ڕایگەیاند کە بۆ پووچەڵکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی درۆنە خۆکوژییەکانی ئێران. ئۆکراینییەکان لەم دواییانەدا درۆنێکی خۆکوژیان کە وەشانێکی بچووکترە لە فڕۆکەی شاهێد ١٣٦ بەدەستهێناوە.

بەکارهێنانی بەسوودی چەکی ئێرانی بە تایبەت درۆنی خۆکوژی شاهێد ١٣٦ لەلایەن ڕووسیاوە، سوپای ئۆکرانیای ناچارکردووە بەجدی بەدوای چارەسەری کاریگەردا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیاندا بگەڕێت، چونکە ڕووسیا بە بەکارهێنانی بەرفراوانی ئەم درۆنانە، گورزی قورسی لە ژێرخانی سەربازی و ناسەربازی ئۆکرانیا بە تایبەت لە بەرەی باشوور داوە.

ناتالیا هۆمنیوک، ئەفسەری ڕاگەیاندنی فەرماندەیی سەربازی ئۆکرانیا لە میحوەری باشوور، سەبارەت بە درۆنەکانی ئێران وتی: سوپای ئۆکرانیا توانی نمونەیەکی ئەو چەکانە بەدەست بهێنێت بۆ شیکردنەوە و لە ئێستادا چالاکانە بەدوای وەڵامێکی کاریگەردا دەگەڕێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێرشانە. شاهێد ١٣٦ چەکێکی تەواو نوێیە کە تووشی بووین، بۆیە نمونەکانمان لەلایەن هەموو شارەزایانی سەربازییەوە تاوتوێ دەکرێت. ئێمە کار لەسەر کاریگەرترین ڕێگە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ شاهێد ١٣٦ دەکەین. ئێمە بۆمان دەرکەوتووە کە لە هەندێک بەرزاییدا دەتوانرێت تەنانەت بە چەکی سووکیش بخرێنە خوارەوە و ئەم کردارەش بە شێوەیەکی بەرفراوان لە کارنامەی ئێمەدایە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە ئەم درۆنە بەهۆی هەڵگرتنی تەقەمەنی دوای بە ئامانج گرتنی، تەواوی خۆی لەناو دەبات.

لەم دواییانەدا سوپای ئۆکرانیا توانی درۆنێکی خۆکوژی بخاتە خوارەوە، کە هاوشێوەی درۆنی شاهێد ١٣٦ بوو، بەڵام قەبارەکەی بچووکتر بوو. تا ئێستا ئەم درۆنە بە فەرمی لەلایەن ئێرانەوە ئاشکرا نەکراوە و هیچ زانیارییەكی وردیش لەو بارەیەوە نییە و تەنیا لە گرتە ڤیدیۆییەكاندا كە پێشتر لە بنکە ژێرزەمینییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوكراونەتەوە، بینراوە. سوپای ئۆکرانیا بە پشت بەستن بەم درۆنە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی بۆ شاهێد ١٣٦ دەکات. بەپێی وێنە نوێیەکان لە ئۆکرانیا، هەندێک تایبەتمەندی ئەم درۆنە (وەک سیستەمی رێڕەویکردن، سەری جەنگی و هتد) لابراون یان کەمکراونەتەوە بۆ ئەوەی هەرزانتر بێت.

ئەم وێنانەی خوارەوە نمونەیەکی بچووکتر و هاوشێوەی درۆنی شاهێد ١٣٦ـە، کە لەلایەن سوپای ئۆکرانیا خراوەتە خوارەوە و بەشەکانی هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی بۆ دەکرێت. تا ئێستا سوپای ئۆکرانیا نەیتوانیوە نمونەیەکی راستەقینەی شاهێد-١٣٦ بەدەست بهێنێت. شاهێد ١٣٦ بەپێی سروشت یان بەر ئامانجەکان کەوتووە یان دوای بەئامانج گرتنی بە تەواوی لەناوچووە.

سێرهی براتچوک، وتەبێژی سەربازی ئۆدێسا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لە بێتوانایی سیستەمی بەرگری ئۆکرانیا لە ڕوبەڕوبوونەوە لەگەڵ درۆنی شاهێد ١٣٦ کرد و وتی: درۆنەکانی شاهێد ١٣٦ دەنگی زۆریان هەیە، بۆیە لەکاتی نزیکبوونەوەیاندا بە ئاسانی ئاشکرا دەبن، بەڵام لە هەمان کاتدا بەهۆی کەمی بەرزی فڕینیان، دۆزینەوەیان لەلایەن ڕادارەکانەوە ئەستەمە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی شارەزایانی سەربازی ئۆکرانیا، درۆنی شاهێد ١٣٦ تێچووی بەرهەمهێنانی تاڕادەیەک کەمە و زۆربەی پارچەکانی لەگەڵ پارچە ناسەربازیەکان دەگونجێت. بۆیە ناتوانرێت بە تەیارکردنی سیستەمی بەرگری، سزای ئابووری و چەک ڕێگری لە ئێران یان ڕووسیا بکرێت. ئەوان پێیان وایە بە گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێوشوێنی بەهێزکردن لەوانە خۆدزینەوە، دروستکردنی پێگەی ساختە، دروستکردنی تەشویشی جی پی ئێس، کارکردن لەسەر زانیارییەکانی دوژمن و جێگیرکردنی دۆشکەی دژە فڕۆکە لەسەربانی ناوچە نیشتەجێبوونەکان، دەتوانن بە تەواوی یان بەشێکی زۆر لە کاریگەریی هێرشە فڕۆکە بێفڕۆکەوانیەکان کەم بکەنەوە.

بە وتەی ئۆکراینییەکان، تێچووی کڕینی هەر درۆنێکی شاهێد ١٣٦ بە بەراورد بە مووشەکەکانی سیستەمی بەرگری کەمە و ئەم چارەسەرەش پێویستی بە پاڵپشتی بەرفراوانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا هەیە. هەروەها یەدەگی سیستەمی بەرگری ئێستای ئۆکراینییەکان ئاستێکی جوگرافی پێویستی نییە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە درۆنییەکان و پڕ چەک کردنی ئۆکرانیاش کاتی دەوێت.
لەلایەکی دیکەوە تێکدانی جی پی ئێس لە دەیان شار و ناوچە بەرفراوانەکانی ئۆکرانیا کارێکی ئاسان نییە و لە دژی درۆنەکاندا سوودێکی زۆری نییە. چەکی سووک و نیمچە قورس توانای ئەوەی نییە زیانێکی گەورە بە شاهێد ١٣٦ بگەیەنێت و ئەگەری خستنەخوارەوەی بەم شێوازە زۆر کەمە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

رێکلام لە هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام