کێشە و ڕووداوەکانی چۆڵکردنی لاچین

پێنج شه‌ممه‌ 25 ئاب 22 - 16:51
https://kurdish.iswnews.com/?p=16543

زۆربەی دانیشتوانی ئەرمەنی رێڕەوی لاچین کە ئەرمینیا بە قەرەباغەوە دەبەستێتەوە، تا ٢٢ی ئاب ئەم ناوچەیان بەجێهێشتووە. بەڵام کۆمەڵێک لە دانیشتوانی شاری لاچین و گوندەکانی ئاقانو و زابوخ و سوس ئامادە نین ئەو ناوچەیە بەجێبهێڵن کە ئەمەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی شەرێکی میدیایی لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا.

بە گوێرەی ئەرمینیەکان چۆڵکردنی ئەم ناوچەیە زووتر لە وادەی دیاریکراو ڕوودەدات و ئازەربایجانیەکانیش بە مافی خۆیان دەزانن کە بە زووترین کات ئەم بڕیارە جێبەجێی بکەن. لەئێستادا ئەو هاووڵاتییە کۆچبەرە ئەرمەنییانە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و ڕووسیا سەرقاڵی لابردنی خاڵە سەربازییەکانی کۆریدۆری لاچینە. ئازەربایجان پشکی خۆی لە ڕێگای تازە دامەزراو تا ناگۆرنو-قەرەباغ دروست کردووە، بەڵام ئەرمینیا لەم دواییانەدا لە سەرەتای مانگی ئابەوە دەستی بە دروستکردنی ڕێگاکە کردووە و پێدەچێت نزیکەی ساڵێکی بخایەنێت.

لابردنی خاڵە سەربازییەکانی ڕووسیا لە لاچین

لاچین چۆن چۆڵکرا؟
زۆربەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە، ناوچەکەیان لە بەرامبەر وەرگرتنی ٦٠٠ دۆلار لە خەرجی گواستنەوەیان بەجێهێشت، بەڵام کۆمەڵێک پیاو سەرەڕای گواستنەوەی خێزانەکانیان بۆ ئەرمینیا، ئامادەنەبوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن. هەروەها ژمارەیەک کەس لەکاتی گواستنەوەی کەلوپەلەکانیاندا ئاگریان لە ماڵەکانیان بەردابوو یان دەرگا و پەنجەرەکانیان لێ کردبووەوە. هەرچەندە حکومەتی ئەرمینیا کە وەک یەکێک لە لایەنە دانوستانەکان لە بەیاننامەی مۆسکۆدا ئامادەیە، بەڵام رەتیکردووەتەوە ئەرکەکانی خۆی بۆ گواستنەوەی خەڵک جێبەجێ بکات. حکومەتی ئەرمەنی ناگۆرنو-قەرەباغ ئەم ئەرکەی لە ئەستۆ گرتووە و ئەمەش هۆکاری دژایەتیکردنی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی ئەرمینیایە لەگەڵ پاشینیان.

ئارایک هارۆتونیان، سەرۆکی حکومەتی کوێستانی (ناسراو بە ئارتساخ) بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی سووتانی خانووەکان و ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان، وەک ئەوەی لە کاتی چۆڵکردنی کلێبجر لە ساڵی ٢٠٢١ ڕوویدا، بەڵێنی هاوکاری دارایی بەم کەسانە بۆ کڕینی خانووی داوە.

ئایک خانومیان نوێنەری قەرەباغ رایدەگەیەنێت، بڕی ٢٠ بۆ ٣٠ هەزار دۆلار بە هەر خێزانێک دەدرێت بۆ ئەوەی ئەو خانووانە نەسووتێنن. لەئێستادا چارەنووسی ئەم هاوکارییانە تا ٢٥ی ئاب ڕوون نییە و بڕیارە دوای ئەوە پارەیان پێ بدرێت.

بە وتەی قایان عیساخانیان بۆ بەشی ئەرمەنی ڕادیۆی ئازادی، هێزەکانی ئاشتیپارێزی ڕووسیا کارەبا، ئاو، تەلەفۆن و ئینتەرنێتیان بڕیبوو تا هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئەو کەسانەی لە ناوچەکە ماونەتەوە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان نەمێنێت و ناچار بن ناوچەکە بەجێبهێڵن. دوایین کەس بە ئامادەبوونی پۆلیس و ئاشتیپارێزانی فیدراسیۆنی ڕووسیا و پۆلیس و تیمی ئاگرکوژێنەوەی قەرەباغ ئەم ناوچەیەیان بەجێهێشت، بەڵام دیسانەوە هەندێک بینای نیشتەجێبوون لەلایەن کەسانی ناڕازی لە شاری لاچین و گوندی زابوخ ئاگریان تێبەردرا.

هەڵسوکەوتی میدیایی ئازەربایجان
عەینوڵڵا فەتحوڵڵائۆڤ، بەڕێوەبەری ماڵپەڕی حاققن.ئاز، چەند ڕۆژێک پێش چۆڵکردنی تەواوی لاچین و زابوخ لەگەڵ هێزەکانی ئاشتیپارێزی ڕووسیا گەشتیان بۆ ئەو ناوچانە کردبوو. کەناڵی خەزر تی‌ڤی راپۆرتی ئامادەبوونی ناوبراوی بڵاوکردەوە. فەتحوڵڵائۆڤ لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ خەڵکی خۆجێی زابوخ خۆی وەک نوێنەری ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی ناساند، و لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنەکەی ئەم ناوچەیە قسەی کردووە. ناوبراو دوای گەڕانەوەی رایگەیاندووە کە خەڵکی ئاسایی ناوچەکەیان بەجێهێشتووە و بلاگەر و خەڵکی ئەرمینیا لەوێ نیشتەجێ بوون. هەروەها رایگەیاندووە کە ئاشتیپارێزان پێیان وتووە: ئەو دانیشتووانەی کە ماونەتەوە بە چەکی نایاسایی چەکدارن.

ئەمە لەکاتێکدایە کە هێزەکانی ڕووسیا لە کاتی ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە و لەبەر هەندێک هەڵسوکەوتی فەتحوڵڵائۆڤەوە، ڕێگریان لە تۆمارکردنی راپۆرتەکە لە زابوخ کردەوە.

لە ١٩ی ئابدا کەناڵی ئارتساخ هاوکات لەگەڵ پەخشکردنی ئەم ڕاپۆرتە لە کەناڵی ئازەربایجان، ناڕەزایی بەرامبەر بە ئامادەبوونی ڕۆژنامەنووسێکی ئازەربایجانی دەربڕی و ڕاپۆرتەکەی بە درۆ ناوبرد. هارۆتونیان وتی: ئێمە لە ئارتساخ (قەرەباغ) هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ لاچین نییە و هێزەکانی ئاشتیپارێزی ڕووسیا ڕێگری لە بوونی ڕۆژنامەنوسەکانمان لەم ناوچەیەدا دەکەن.

چی بەسەر لاچین هات؟
ئەرمەنییەکانی ناگۆرنو-قەرەباغ و ناوچەی شاهومیان لە باکووری ئەم ناوچەیە لە ڕیفراندۆمێکدا کە لە ساڵی ١٩٩١ بەڕێوەچوو، سەربەخۆیی خۆیان لە کۆماری ئازەربایجان ڕاگەیاند. ڕووداوێک کە لە زۆربەی کۆمارەکانی پێشووی سۆڤیەت دووبارە بووەوە و بووە هۆی شەڕی ناوخۆیی لە جۆرجیا، مۆڵدۆڤا، ئۆزبەکستان، تاجیکستان و ڕووسیا. هەرچەندە ئازەربایجان سوپای فەرمی نەبوو، بەڵام بۆ سەرکوتکردنی ئەرمەنییەکان هێرشیان کردە سەر قەرەباغ و لە ماوەی ساڵێکدا جوداخوازان لە دۆخێکی سەختدا بوون. لەم ماوەیەدا ئەرمینیا تەنیا لە ڕێگەی ئاسمانەوە هێز رەوانەی ناوچەکە دەکرد.

دواجار ئەرمینیا لە ساڵی ١٩٩٢ بۆ تێکشکاندنی گەمارۆی سەر ئەرمەنییەکان بە هاوکاریی ڕووسیا، ڕێگای ئێستای کۆریدۆری لاچین و شارەکانی لاچین و شوشا و گوندەکانی سەر ڕێگاکەی کۆنتڕۆڵ کرد تا خۆی بگەیەنێتە شاری ستێپاناکێرت (خان کێندی). لەم ماوەیەدا دەیان هەزار هاووڵاتیی ئازەربایجانی ئاوارە بوون و ژمارەیەکی دیکەش کوژران و بێسەروشوێن بوون.

دوای راگەیاندنی ئاگربه‌ست له‌ ساڵی ١٩٩٤، كۆمه‌ڵێک له‌ هاووڵاتییانی ئه‌رمه‌نی كه‌ له‌ نزیک سنووره‌ فه‌رمییه‌كانی ئازه‌ربایجان له‌ پارێزگای سیڤنیک ده‌ژیان، بۆ لاچین كۆچیان كرد.

لە ماوەی چەندین ساڵەی دانوستانەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیادا، چارەنووسی لاچینیش تاوتوێ کراوە. دانوستانەکانی پێش سەرۆک وەزیرانی پاشینیان گەیشتبووە ئاستێک کە ئازەربایجان ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بە فەرمی ناساندنی جیابوونەوەی قەرەباغ و ڕادەستکردنی رایون لاچین لە بەرامبەر چۆڵکردنی ناوچە داگیرکراوەکانی فەیزۆلی، جبرائیل، زەنگیلان، قوبادەلی، کەلبجر و ئاغدام. بەڵام مەرجی ئازەربایجان بۆ چۆڵکردنی شاری شوشا لەلایەن لایەنی ئەرمەنییەوە قبوڵ نەکرا. هەرچەندە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا پشتیوانی لەم پلانەی دەکرد.

لە هەمان کاتدا ئیلهام عەلیێڤ بە فرۆشتنی زەوی و زارەکانی قەرەباغ و لاچین بە ئەرمەنییەکان تۆمەتبار کرا و ئەم پرسەش لە سەردەمی ئیدارەی ئەودا بە خاڵی لاوازی ناوبراو هەژمار دەکرا.

لە ساڵی ٢٠١٨ دواجار لایەنی ئەرمینیا ڕازی بوو بە ڕادەستکردنی شوشا، بەڵام لە حکومەتی سەرۆکوەزیرانی پاشینیان، ڕادەستکردنی کەلبجر بۆ مەرجەکانی ئەرمینیا زیاد کرا، کە ئەمەش دانوستانەکانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان تا شەڕی ٤٤ ڕۆژە و واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لە مۆسکۆ دواخست.

هەرچەندە ئەم شارە و گوندەکانی دەوروبەری لە جەنگی پاییزی ٢٠٢٠دا لەلایەن ئازەربایجانەوە کۆنترۆڵ نەکرابوون، بەڵام بە فشاری ڕووسیا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە و واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، پێویستە سێ ساڵ دوای بەیاننامەکەی مۆسکۆ و دروستکردنی ڕێگای نوێی کۆریدۆری لاچین بۆ ئازەربایجان بگەڕێنێتەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

رێکلام لە هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام