دوایین دۆخی قەرەباغ دوای هێرشەکانی ئازەربایجان + نەخشەی مەیدانی

پێنج شه‌ممه‌ 4 ئاب 22 - 23:16
https://kurdish.iswnews.com/?p=15687

دوای هێرشە سەرنەکەوتووەکەی ڕۆژی دووشەممە ١ی ئابی هێزەکانی سوپای ئازەربایجان و بە نێوەندگیری هێزەکانی ئاشتیپارێزی فیدراسیۆنی ڕووسیا، ڕۆژی سێشەممەی بێ کێشەیان بەڕێ کرد. داواکاری ئازەربایجان لە دانوستانەکانی ڕۆژی سێشەممە، کشانەوەی خێرای ئەو هێزانەی ئەرمینیا کە لەوێ ماونەتەوە و داماڵینی چەک لە چەکدارە ئەرمەنییەکانی حکوومەتی قەرەباغ بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی ٢٠٢٠ بووە. هەروەها نەکردنەوەی ڕێگای نوێ لە کۆریدۆری لاچێن و کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لەم شارە، وەک داواکارییەکانی دیکەی ئەوان دادەنرێت. جێبەجێ نەکردنی ئەو خاڵانە وایکردووە گەڕی دووەمی شەڕ و پێکدادانەکان بە هێرشی سوپای ئازەربایجان لە کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە ٣ی ئاب دەست پێبکات.

هەوڵێکی دیکەی ئازەربایجان بۆ زاڵبوون بەسەر قەرەباغ

وەزارەتی بەرگری کۆماری ئازەربایجان ئەم ململانێیەی بە “ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوە” ناوبردووە. بە وتەی لایەنی ئازەری، گرژییەكە بە تەقەی هێزەكانی ئەرمینیا دەستی پێكردووە، کە بەهۆیەوە سەرباز ئانار كازمۆف رۆستۆمۆئۆغڵو لە نزیك كۆریدۆری لاچێن كوژراوە و سوپای ئازەربایجان ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەیان ئەنجامداوە. پێناچێت ئەم لێدوانە دروست بێت و پێشتر ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنەکە کراوە.

میحوەرەکانی ململانێ

میحوەرەکانی ئاق دەرێ (مارتاکێرت) لە باکووری قەرەباغ، عەسکەران (ئاسکەران) لە ڕۆژهەڵات و گردێک لە نزیک ڕێگای لاچێن (بەردزۆر) بۆ شوشا (شوشی) شوێنی هێرشی زەمینی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای ئازەربایجان بووە.

هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی ئازەربایجان بۆ سەر پێگەکانی ئەرمینیا لە قەرەباغ

ئەنجامی هێرشەکەی ئازەربایجان

ململانێکانی میحوەری عەسکەران لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕی تەقەی دوولایەنە ڕوویداوە و لایەنی ئازەری هیچ جموجوڵێکی تایبەتی نەکردووە.

بەڵام بەرزاییەکانی نزیک ڕێڕەوی لاچێن و لە نزیک گوندی “یەغێتسهائوق”، “ساری بابا” و “قەرخ گەز” و چەند گردێکی دیکە لە ڕۆژئاوای ناگۆرنو قەرەباغ کەوتنە دەست سوپای ئازەربایجان. سەنگەرەکان و دوو ئۆتۆمبێل لەو شوێنانە سەرەتا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کرایە سەر، و دواتر تەقەی تۆپخانەیی ئەنجام دراوە. دەرئەنجامی ئەم هێرشە فەراهەمکردنی دید لەسەر بەشە گرنگەکانی ڕێگای شوشا بووە و ئازەربایجان سەرقاڵی جێگیرکردنی پێگەکان و دروستکردنی ڕێگایە بۆ ئەو شوێنە.

هەروەها هێرش کراوەتە سەر بنکەی سوپای ئەرمینیا لە باکوری قەرەباغ و لە نزیک شاری مارتاکارت ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هەڵگری تۆپ و تەقەمەنی و کەرەستە تێکشکێندراون.

دوای گفتوگۆکان و دەستێوەردانی هێزەکانی ئاشتیپارێزی ڕووسیا، ململانێکان کاتژمێر شەشی ئێوارە ڕاگیراوە.

کۆریدۆری لاچێن کراوەیە

تا ئێستاش کۆریدۆری لاچێن لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئاشتیپارێزی ڕووسیادایە و هاتووچۆ لەو ڕێگایە بەردەوامە.

ئامادەکاری ئەرمینیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە

سوپای ئەرمینیا بەشێک لە هێزەکانی بۆ سنوور و خاڵی پەڕینەوەی کۆریدۆری لاچێن گواستۆتەوە، بەڵام لەو ناوچانە هیچ پێکدادانێک ڕووی نەداوە. هەروەها سوپای ئازەربایجان هێزێکی زیاتر لە دوو لیوا بۆ گێدە بەی لە سنووری پارێزگای گەغارکۆنیکی ئەرمینیا گواستۆتەوە.

زیانە گیانییەکانی هەردوولا

دوو سەربازی گرێبەستی ئەرمینیا بە ناوەکانی ئارتور خاچاتوریان و گورگێن گابریلیان لە نەخۆشخانەی شاری ستێپاناکێرت (خان کەندی) لە ناوەندی قەرەباغ کوژران و ١٩ کەسی دیکەش برینداربوون کە باری تەندروستی ٤ کەسیان ناجێگیرە.

بەیاننامە فەرمییەکەی ئازەربایجان تەنیا کوژرانی ئانار کازمۆڤ پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام سەرچاوەکانی دیکە باس لەوە دەکەن کە سێ کەسی دیکە بە سەختی برینداربوون یان گیانیان لەدەستداوە. ناوی یەکێک لە کوژراوەکان ئەیوب سولەیمانۆڤە، هەروەها باس لە مردنی عەقیدێک دەکرێت. ئەم ژمارانە تا ئێستا بە فەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە.

راپۆرتی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا، دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەستپێکردنی ململانێکان لەلایەن ئازەربایجانەوە، جارێکی دیکە داگیرکردنی خاڵەکانی سەر هێڵەکانی بەرکەوتنی بە قبوڵنەکراو ناوبرد.

بەیاننامەی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا

پشتیوانی سیاسی هاوپەیمانانی ڕووسیا

وەزیری دەرەوەی حکومەتی دیفاکتۆی ئۆسیتیای باشوور کە لەلایەن ڕووسیاوە پاڵپشتی دەکرێت (جوداییخوازەکان لە جۆرجیا) لەگەڵ هاوتا ئەرمەنییەکەی لە قەرەباغ گفتوگۆی کردووە. ئۆستی کارەکانی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ جیابوونەوە لە جۆرجیا و پەیوەستبوون بە فیدراسیۆنی ڕووسیا ئەنجام دەدات.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .