سێبەری شەڕی ناوخۆی تاڵیبان لە بەلخاب؛ مەهدی موجاهید کێیە و چی دەوێت؟

سێ شه‌ممه‌ 21 حوزه‌یران 22 - 13:08
https://kurdish.iswnews.com/?p=13838

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ بەرپرسانی تاڵیبان هەڕەشەی سەرکوتکردنی “مەهدی موجاهید”یان کرد، کە فەرماندەیەکی هەزارەیە و لەو گروپە جیابووتەوە.

دوای ئەوەی شاندی سێیەمی تاڵیبان بۆ بەلخاب لەگەڵ مەولەوی “مەهدی موجاهید”، فەرماندەی هەزارەی تاڵیبان نەگەیشتە ڕێکەوتن، بەرپرسانی تاڵیبان هەڕەشەیان کرد کە دۆسیەکەی ڕەوانەی وەزارەتی بەرگری دەکەن و هێزی سەربازی بەکاردەهێنن. دوای ئەم هەڕەشەیە مەولەوی “مەهدی موجاهید” لە شاری بەلخاب لە پارێزگای سەرپۆل هێزەکانی کۆکردەوە و بە وتنەوەی دروشمی نەتەوەیی و جەماوەری زیاتر لە ٥٠٠ کەسی چەکدار و خەڵکی بەلخابی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکان، لە ١٣ی حوزەیران، بەرپرسانی حکومەتی تاڵیبان مەولوی “عەبدولڕەحیم ئاکە”، پارێزگاری تاڵیبان لە سەرپۆل لەگەڵ هێزەکانی بەدری، سۆرخ و خۆکوژی، بۆ دەستگیرکردنی مەولوی “مەهدی موجاهید” ڕاسپارد بوون. بەڵام ئەم بڕیارە بە نێوەندگیری زانایان و کەسە دیارەکانی شیعە لە پارێزگای سەرپۆل ڕاگیراوە. ئەنجوومەنی زانایانی شیعەی ئەفغانستان لە کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکاندا لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان لە کابوڵ، سەرپۆل و لەگەڵ مەهدی موجاهید لە بەلخاب داوای دوورکەوتنەوە لە شەڕ و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە کردووە. ئەنجومەنەکە شاندێکی بە سەرۆکایەتی ئایەتوڵڵا واعز زادە بێهسودی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەهدی موجاهید و حکومەتی تاڵیبان راسپاردووە، و بەردەوام دەبن لە دانوستانەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە.

مەولەوی مەهدی موجاهید کێیە و چی دەوێت؟

دوای هاتنە سەرکاری تاڵیبان لە ئەفغانستان، فەرماندە ناوخۆییەکانی لایەنگری تاڵیبان ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەفغانستانیان وەک بەلخاب کۆنترۆڵ کرد، کە بەشێکیان وەک مەهدی موجاهید لە نەتەوەی پشتوون نین. کردەوەکانی ئارەزوومەندانەی ئەم فەرماندە ناوخۆییانە لە هەندێک لەو ناوچانەدا بووە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لەگەڵ تاڵیبانی ناوەڕاست و هەندێک لەو فەرماندانە لە کارەکانیان دوورخرانەوە یان زیندانی کران. یەکێک لەو فەرماندە ئۆتۆنۆمانەی تاڵیبان، مەولوی مەهدی موجاهید لە هەزارەکانی شاری سەرپۆلە و پۆستی فەرماندەی هەواڵگری پارێزگای بامیان لە حکومەتی تاڵیبانی لە ئەستۆ دابووە. ناوبراو دوای ڕەخنەگرتن لە سیاسەت و هەڵسوکەوتی تاکڕەهەندی تاڵیبان بەرامبەر بە نەتەوە جیاجیاکان لە ئەفغانستان لە کارەکەی دوورخرایەوە، و دوای چەند مانگێک مانەوە لە کابوڵ بە دەستی بەتاڵەوە بەرەو بەلخاب بەڕێکەوت. موجاهید له‌ به‌لخاب له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی تاڵیبان له‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنی کانەكانی ناوچه‌كه‌ پێكدادانی کرد و ئه‌مه‌ش ده‌ستپێكردنی گرژییه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی تاڵیبان بوو. ناوبراو لە لێدوانەکانیدا خۆی بە بەرگریکار و نوێنەری هەزارە و شیعەکان لە حکومەتی تاڵیبان وەسف کردووە. بەڵام هەزارەکان پێشوازییان لێ نەکردووە و شیعەکانیش لە گرژییەکانی ئەم دواییە لەگەڵ تاڵیباندا پشتگیرییان نەکردووە. بەڵام لایەنگرانی لە بەلخاب بە شێوەیەکی جیدی پشتیوانی لێ دەکەن، و داوا لە خەڵک دەکەن بەرامبەر تاڵیبان بوەستنەوە.
لە ئێستادا چەكدارانی تاڵیبان ڕێگاکانی شاری بەلخابیان بۆ لایەنگرانی مەولەوی “مەهدی موجاهید” داخستووە و بە توندی كۆنترۆڵی هاتوچۆیان دەكەن.
دانیشتووان و کەسە دیارەکانی خۆجێیی شاری بەلخاب نیگەرانن لە شەڕی نێوان مەولەوی “مەهدی موجاهید” و تاڵیبان و داوای نێوەندگیرییان لە ئەنجومەنی زانایانی شیعە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە کردووە.
مەهدی موجاهید یه‌كه‌م و كۆتا فه‌رمانده‌ی ئۆتۆنۆمی تاڵیبان نییه‌ و پێش ئه‌ویش قاری سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یوبی، مه‌خدوم عالم و مه‌ولوی عه‌تاولڵا عومه‌ری و .. له‌و فه‌رماندانەی تاڵیبان بوون كه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی باڵای تاڵیبانه‌وه‌ له‌ پۆسته‌كانیان دوورخراونەتەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

رێکلام لە هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام