ئایا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ڕیاز و تەل ئەبیب نزیکە؟

یه‌ك شه‌ممه‌ 29 ئایار 2022 - 21:40
https://kurdish.iswnews.com/?p=12781

میدیا عبری و عەرەبییەکان بە پێی هەوڵەکانی ئەمریکا باس لە هەبوونی ئاماژەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و سعوودیە دەکەن.

میدیا عبری و عەرەبییەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی ئەوەیان بڵاو کردووەتەوە کە پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و سعوودیە بەرەوپێشچوونی بەرچاوی هەبووە و ئەگەرێکی زۆرە کە پەیوەندییەکانی نێوانیان ئاسایی بکرێتەوە.

پێگەی هەواڵی ئای 24 لە ڕاپۆرتێکدا پاش گەڵاڵەکردنی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە ئایا تەل ئەبیب و ڕیاز بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان هەنگاو دەنێن؟ ڕایگەیاند: کۆمەڵە ڕاپۆرتێک لە ڕۆژانی ڕابردوو باس لەوە دەکات کە نزیکبوونەوەیەکی سیاسی گەورە لە پشتەوەی پەیوەندییەکانی هەر دوو لا هەیە، ئەگەرچی لەم قۆناغەدا دژوارە کە باس لەوە بکەین پەیوەندییەکانی نێوان تەل ئەبیب و ڕیاز بە فەرمی ڕادەگەێندرێت.

ئەم پێگەیە ئاماژەی بە وتووێژی سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە گەڵ ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیۆم داوە کە ڕایگەیاندووە ” لە ڕاستیدا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە گەڵ سعوودییەکان هەیە و بەدەر لە ئێرانییەکان لە گەڵ سەرجەم لایەنەکانی ناوچەکە بە تایبەت سعوودییەکان لە پەیوەندیداین “.

لەو ڕاپۆرتەدا پشت بە هەواڵەکانی پێگەی ئەکسیۆس بەستراوە کە هەفتەی ڕابردوو هەواڵی سەردانی دوو ڕاوێژکاری باڵای جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکای بۆ ڕیاز بڵاو کردەوە، بە ناوەکانی ” برێت مەکگۆرک ” نێردەی ناوبراو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ” ئاموس هوخشتاین ” زایۆنیستی پێشوو کە وەک ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بواری وزەدا چالاکی دەکات.

پێگەی هەواڵی ئای 24 لە درێژەدا باسی پێدانی دوو دوورگەی بە سعوودیە کردووە لە پاش سەردانەکەی ئەو دوو ڕاوێژکارەی بایدن و ڕایگەیاندووە کە بە پێی ڕاپۆرتەکان، ئەو دوو ڕاوێژکارە لە گەڵ بەرپرسانی باڵای سعوودیە سەبارەت بە گواستنەوەی خاوەندارێتی دوورگەکانی تیران و سەنافیر لە میسرەوە بۆ سعوودیە وتووێژیان کردووە. ئەمە هاوکێشەیەکی قورسە لە نێوان ئەم وڵاتانە و بە پێی ڕێکەوتنی کەمپ دەیڤید لە نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و میسر، پێویستی بە ڕەزامەندی تەل ئەبیب هەیە.

ڕاپۆرتەکە لە بەشی کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە میسر ڕەزامەندی لە سەر ئەوە دەربڕیوە کە دوورگە چۆڵەکانی لە بەرامبەر وەرگرتنی هاوکارییە داراییەکان ڕادەستی سعوودیە بکات. ئەمەش هەڕەشە لە سەر گرنگی و پێگەی ستراتیژیی ناوچەکە دادەنێت، لە بەر ئەوەی کە دەروازەی بەندەری ئیلات (کەنداوی عەدەن) دەخاتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە. نوێنەرانی ئەمریکا سەبارەت بە ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیش لە نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و سعوودیە وتووێژیان کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە هاوکات لە گەڵ خواستی بەرپرسانی تەل ئەبیب بۆ سەردانیکردنی سعوودیە و وتووێژ لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە، سیاسەتمەدارانی سعوودی وەک فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە، بەردەوام پاڵپشتییان لە پیلانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە ڕووی ئابوری، کۆمەڵایەتی و ئەمنییەوە سوودی دەبێت.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *